CSPro.TV

CSPro.TV

Share

Watch & Read, Digital Information Ocean for CSPros.

16/05/2022

ئایا Arithmetic Logic Unit (ALU) چییە؟

زاراوەکان:
- یەکەی چارەسەر = CPU
- قەبارە (ی یەکەی چارەسەر) = CPU) Space)
- ڕەقەکاڵا = Hardware
- نەرمەکاڵا / نەرمەواڵە = Software

بە یارمەتی خوای بەخشندە و باڵادەست (اللە).

بریتییە لە پێکهاتەیەکی هەرە سەرەکی یەکەی چارەسەر (CPU) لە نێو کۆمپیوتەرەکەماندا و لەهەمانکاتدا ناسراوە بە Integer Unit (IU) کە بەرپرسە لە شیکارکردن و جێبەجێکردنی هەموو کردارە ژمێریاری و لۆژیکیەکان ، و جێگەی سەرنجە کە ALU لەلای بەشێک لە بەرهەمهێنەرانی microprocessor ـــەوە دابەش دەکرێ بەسەر دوو بەشدا کە بریتیین لە Arithmetic Unit (AU) و Logit Unit (LU).

ئەم پێکهاتەیە لەلایەن ئەندازیارانی کۆمپیوتەرەوە دیزایین ئەکرێ بۆ ئەنجامدانی هەموو کردارێکی ئاسان و ئاڵۆزی بیرکارییانە لە یەکەی چارەسەر (CPU)ـــدا ، و هەر کاتێک کردارەکان قورستر و ئاڵوزتر ببنەوە ALU گرانتر و گرانتر ئەبێت لە ڕووی نرخەوە و قەبارەیەکی زیاتر لە یەکەی چارەسەر (CPU) داگیر ئەکا و وزەیەکی گەرمی زیاتر دەرەدا ، هەر بۆیەش لەمڕۆی تەکنەلۆژیادا ئەندازیارانی ڕەقەکاڵا (Hardware)ـــی کۆمپیوتەر سەرنجێکی زۆر ئەخەنە سەر ئەم پێکهاتەیە و بەپێی ئاڵۆزی کردارەکان ALU بەهێزتر و بەهێزتر دیزایین ئەکەن بۆ ئەوەی کۆمپیوتەر توانای جێبەجێکردنی هەر نەرمەکاڵا (Software) ێکی هەبێ ، بەبێ خاوبوونەوە ، گەرچی قورس و بەهێزیش بێ.

گەر بێتو بە دیاریکراوی ئەرکە سەرەکیەکانی ALU دیاری بکەین ئەوا ئەتوانین لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورتی بکەینەوە:

• کردارە لۆژیکیەکان (Logical Operations): بریتیین لەو کردارە بیرکاریانەی کە لە ڕاپۆرتی پێشووی (Logic Gate)ـــەکاندا باسمان لێوە کرد ، بۆ خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکە کلیک لەم بەسەتەرەی خوارەوە بکە:
https://www.facebook.com/115780411105374/posts/123586463658102/

• کردارەکانی گۆڕینی بیت (Bit-Shifting Operations): ئەمەش چەند کردارێکە بۆ گۆڕین و ڕێکخستنی شوێنی بیتەکان لە ڕاست بۆ چەپ و بە پێچەوانەوە.

• کردارە ژمێریاریاریەکان (Arithmetic Operations): ئەمەش هەموو کردارە بیرکاریەکان ئەگرێتەوە وەک (دابەش ، جاران ، کۆ ، کەم).

احسان فەرامەرز -

09/05/2022

ئایا .MSI چییە و جیاوازی چییە لەگەڵ .EXEــدا؟

زاراوەکان:
- زانیاری = Data
- وەگەڕخەڕ = Operating System
- نەرمەواڵە / نەرمەکاڵا = Software
- دامەزراندن = Installation
- دابەزاندن = Downloading
- نوێکاری = Updates

بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ
بریتییە لە پاکێجێکی وێندۆوس کە زانیاری دامەزراندن (Installation Informations) و (ئەو فایلانەی کە پێویستە دابمەزرێنە سەر سیستەم)ـــی تایبەت بە پڕۆگرامێک لەخۆ ئەگرێ ، کە ئە ئەکرێ بەکاربهێندرێ لە نوێکاریکانی وەگەڕخەر (Operating System)ـــی ویندۆوس یاخوود ئەو نەرمەواڵانەی کە بۆ وەگەڕخەڕی ناوبراو درووست ئەکرێن.

ئایا جیاوازی چییە لەگەڵ فایلی .exeـــدا؟

فایلی .msi هاوشێوەی فایلی .exe ـــە و ڕووی لێکچوویان ئەوەیە کە هەردووکیان فایلی جۆری executableـــن واتە لەکاتی کردنەوەیان کار دەکەنە سەر وەگەڕخەر (OS) بە باش و بە خراپ ، و هەرواها هەردووکیان بەکاردەهێندرێن بۆ کردنەوەی نەرمەواڵەیەک یاخوود دامەزراندنی ئەپڵیکەیشنێک بەڵام یەک جیاوازیان هەیە کە ئەویش ئەوەیە کە:

- فایلی جۆری .exe مەرج نییە هەمووکات فرمانی دامەزراندن (Install) کردن لەخۆ بگرێ بەڵکو ئەکرێ لەگەڵ کردنەوەیدا ڕاستەوخۆ پڕۆگرامەکە Run بکا و کردارێک جێبەجێ بکات ، لەکاتێکدا کە فایلەکانی جۆری .msi هەمیشە هەڵگری فایلی دامەزراندن (Installer File)ـــەکان و زانیاری دامەزراندن (Installation Information)ـــنن.

تێبینی/ هەرچەندە کە فایلەکانی جۆری .msi بە زۆری بۆ نوێکاری (Update)کردنی نەرمەواڵەیەک یان چاککردنەوە Bug بەکار دهێندرێت لەلایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە بۆ وەگەڕخەری ویندۆوس یاخوود لەلایەن لایەنی سێیەمەوە کە گەشەپێدەرەکانن بۆ نوێکردنەوەی نەرمەواڵەکانیان ، بەڵام پێویستە ئاماژەی پێ بدەن کە ئەم جۆرە فایلەش ئەکرێ malware ێکی لەخۆگرتبێت بە مەبەستی دەست بەسەرداگرتن یاخوود تێکشکاندنی وەگەڕخەر (OS)ــەکەمان ، بۆیە پێویستە ئاگاداربین پێش کردنەوەیان دڵنیابەرەوە کە فایلەکەت لەشوێنێکی هەڵەوە دانەبەزاندووە یاخوود لەڕێی کەسێکی ترەوە وەرت نەگرتووە و سەرچاوەکەی متمانەپێکراوە.

احسان فەرامەرز -

30/04/2022

ئایا IPS و IDS چیین؟
- بەراوردکردنیان
- خاڵی هاوبەشیان
- گرینگیان
- جیاوازییان
زاراوەکان:
- ترافیک = Traffc
- ڕایەڵە = Network
- ڕاژە = Server
- نەرمەواڵە / نەرمەکاڵا = Software
- دەرچە = PORT

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان.

سەرەتا پێش هەموو شتێک با بە کورتی باسی هەر یەکەیان بکەین و پێناسەیەکی کورتیان بۆ بکەن:

ئایا IDS چییە؟

سیستەمی ناواندی پشکنین (intrusion detection system [IDS]) بریتییە لە ناوەندێکی پاراستن کە چاودێری ترافیکی ڕایەڵە (Network) ئەکات و شیان ئەکاتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە واژوو (Segniture) و جیاکردنەوەی ترافیکی زیانبەخش و بێ زیان ، ئەگەر بێتو هێرشێکی ئەلیکترۆنی بکرێتە سەر ڕایەڵە (Network)ـــەکەت ئەوا ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە ئاگادار ئەکرێیتەوە ، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا هیچ ڕێگریەک نابێ بەرامبەر بە هێرشەکان و ئاسایی ترافیکەکان بەردەوام ئەبن لە هاتووچۆکردن.

ئایا IPS چییە؟

سیستەمی ناوەندی پاراستن و ڕێگریکردن (intrusion prevention system [IPS]) بە هەمان شێوەی IDS ترافیکی ڕایەڵە (Network) ئەپشکنێ و ساغکردنەوەیان بۆ ئەکا ، بەڵام کاتێک شتێکی نائاسایی ڕوو دەدات، ترافیکەکان بە هەموو شێوەیەک دەوەستێندرێن هەتاکو تۆ لێکۆڵینەوە دەکەیت و بڕیار دەدەیت بۆ کردنەوەی دووبارەی دەروازەکان و خستنەوەگەڕی ڕایەڵە (Network)ــەکە.

ئایا کامیان باشترینە؟

ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی کە بە زۆری لە کاتی چاوپێکەوتنی هەڵی کاردا ئاراستەی گەشەپێدەر و شارەزایانی نێتوۆرک ئەکرێ ، بەڵام بەشێکی زۆریان وڵامێکی گونجاویان پێ نییە یاخوود توانای بڕیاردانیان نییە ، هەرچەند ئەوە شتێکی زۆر ئاساییە چونکە زۆربەی هەرەزۆری شارەزایانی نێتوۆرک و سکوێریتیش هێشتا نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدەن ، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە هەدوو سیستەمەکە خاڵا لاواز و بەهێزیان هەیە کە لەوی تریانا نییە ، هەر بۆیەش ڕا و بۆچوونی زۆربەی هەرە زۆری شارەزایان سەبارەت بەم پرسیارە ئەوەیە کە تێکهەڵکێشکردنی هەردوو سیستەمی IDS/IPS باشترین چارەسەرە بۆ پاراستنی ڕاژە (Server)ـــەکەمان.

خاڵی هاوبەش و جیاوازی نێوان IDS و IPS چییە؟

هەر یەک لەم سیستەمانە چەند خاڵێکی هاوبەش و جیاوازیان هەیە بەرامبەر بە یەکتری کە بریتیین لەمانەی خوارەوە:

١- سیستەمی IDS تەنیا توانای چاودێریکردن و پێناسەکردنی ترافیکەکانی هەیە و ناتوانێ لەخۆیەوە بڕیار لەسەر ڕەتکردنەوە یاخوود وەرگرتنی ترافیکەکە بدات ، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ڕێگە بە تێپەڕبوونی ترافیکەکان ئەیا بە باش و خراپەوە.

- سیستەمی IPS توانای چاودێریکردنی و پێناسەکردنی جۆری پاکەتە هاتووەکانی هەیە و توانای بڕیاردانیشی هەیە لەسەر ئەوەی کە چ پاکەتێک زیانبەخشە و ناتوانێت دەرباز ببێت و چ پاکەتێک بێ زیانە و دەتوانێت دەرباز ببێت ، ئەمەش بە یارمەتی ئەو یاسایانەی کە پێیدراوە.

۲- ئەگەر بێتو IDS هەستی بە هەبوونی شتێک نامۆ کرد هەوڵ ئەیا ئاگادارت بکاتەوە کە لەم حاڵەتەدا سیستەمەکە هێشتا لەژێر هێرشدایە تا ئەوکاتەی تۆ دەستبەکار ئەبیت و بەرگری ئەکەی ئەمەش واتە تەنیا تۆ ئاگاداری لەم ڕووداوە ، لە کاتێکدا کە گەر بێتو IPS هەستی بە هەبوونی هەڵە کرد بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گەر نەیتوانی سەرچاوەی هێرشەکەکۆنتڕۆڵ بکات ئەوا خزمەتگوزاریەکان لەکار ئەخا و ئینجا ئاگادارت ئەکاتەوە ئەمەش واتە جگە لە تۆ هەموو بەکارهێنەران بەر ئەم شاڵاوە ئەکەون و هەست بە هەبوونی هەڵە ئەکەن لە سیستەمەکەدا.
٭ خاڵی هاوبەشی هەردووکیشیان ئەوەیە کە: هەردوو سیستەمەکە توانای پشکنین و پێناسەکردنی پاکەتەکان و گۆڕینی بۆ سەر شێوازی thread ی خۆی هەیە.
ئێستا با بێین بە قولی باسی هەردووکیان بکەین یەک بە یەک:


ئایا IDS چییە و سوودی چییە؟

تۆی خاوەن کۆمپانیا یاخوود ڕێکخاو دەتەوێت پارێزگاری لە زانیاریەکانت بکەیت لەسەر ڕاژە (Server)ــەکەت ، بەڵام ناتەوێت کە ترافیکەکان خاو ببنەوە ، هەتا ئەگەر کێشەیەک ڕووبدات ، هەر بۆیەش سیستەمی ناوەندی پشکنین و سەلماندن (IDS) لەوانەیە چارەسەرێک بێت کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت ، چۆن؟

پێنج جۆری سەرەکی IDS مان هەیە کە بریتیین لەمانەی خوارەوە:

۱- ڕایەڵە (Network): لەم ڕێگەیەوە ئەتوانیت پۆینتێک دیاریبکەیت و هەموو ئەو ترافیکانەی کە لەلایەن ئەو پۆینەوە هەناردە ئەکرێن بپشکنیت لەسەر هەموو ئامێرەکان و باقی هەموو ترافیکەکانی تر بە شێوەیەکی ئاسایی بەجێبێڵیت و هیچ یاسایەکیان بۆ دانەنێیت.

۲- هۆست (Host): لەم ڕێگەیەوە ئەتوانیت ترافیکی ئەو ئامێرانە سنوورداربکەیت کە سەربەخۆن و باقی هەموو ترافیکەکانی تر بە شێوەیەکی ئاسایی بهێڵیتەوە و بەربەست نەخەیتت پێشیان.

۳- بنکەی ڕامیاری (Protocol-Base): لەم ڕێگەیەوە ئەتوانیت بەربەستێکی پاراستن جێگیر بکەیت لەنێوان ئامێرەکان و ڕاژە (Server)ــەکەت کە چاودێری هەموو ترافیکەکان بکات کە ئاڵوگۆڕیان پێوە ئەکرێت لەنێوان ئامێرەکان و ڕاژە (Sever)ــەکەتدا.

٤- تێکهەڵکێشکردن: ئەتوانیت هەموو ئەم ڕێگایانەی سەرەوە باسکران تێکەڵیان بکەیت و سیستەمێکی تایبەت بخۆت دروست بکەیت لەسەر ستانداردی IDS.

لە میانەی بەکارهێنانی سیستەمی IDS ، سیستەمەکە لە یەکێک لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا ئاگادارکردنەوەت بۆ ئەنێرێ:

- ئەگەری هەیە زۆربەی ئاگادارکردنەوەکان بۆ پاکەتی قەبارە گەورە یاخوود ترافیکی بێسوود یاخوو هەر شتێکی تری نایاسای بن کە ئەگەری هەیە زیان بە ڕاژە (Server)ـــەکەت بگەیێنێت.

ئایا IPS چییە؟

بۆ نموونە تۆ دەتەوێت هێرشێک بوەستێنیت دەستبەجێ لەو کاتەی کە هەستی پێکرا ، تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی ڕاگرتنی ترافیکی یاسایییش لە پێناو پاراستنی ڕاژە (Server)ــەکەت ، سیستەمی ناوەندی پاراستن و ڕێگریکردن (IPS) لەم حاڵەتەدا باشترین هەڵبژاردەی تۆی خاوەن کۆمپانیا یاخوود ڕێکخاو یاخوود پڕۆژەیەکی گەورەیە.
لێرەشدا چوار ڕێگەی سەرەکی هەن بۆ دامەزراندنی سیستەمی IPS کە بریتیین لە:

١- ڕایەڵە (Network): هەمیشە فایەروۆڵ بەکار بێنە لەسەر نێتوۆرکەکەت و بە جوانی ڕێکی بخە و هەموو نەرمەکاڵا (Software)ـــەکان نوێبکەوە بەبەردەوامی بۆ ئەوەی ترافیکە زیانبەخشەکان کار نەکەنە سەر ڕایەڵە (Network)ــەکەکەت.

۲- وایەرلێس (Wireless): چاودێری هەر شتێک بکە کە لە ناو تۆڕێکی وایەرلێسدا ڕوو دەدات و بەرگری بکە لە دژی هێرشێک یان ئەگەرێک کە ئەگەری هەیە لەوێوە سەرهەڵبدات.

٣- دارچەکانی ڕایەڵە (Network Behavior): مەبەست لەمانە دەرچە (PORT)ــەکانە ، هەمیشە پشکنیک بۆ پۆرتەکان بکە و ئەو پۆرتانەی پێویست نەبن دایانبخە ئەگەری هەیە ڕۆژێک ببێتە کەلێنێکی مەترسیدار و بەهۆیەوە هێرشبەر بتوانێ دەستی بگاتە تەواوی تۆڕەکەت.

٤- لایەنی خانەخوێ (Host-Based): هەمیشە پشکنین بۆ هەموو ئەو نەرمەواڵە (Software)ــانە بکە کەلەسەر ڕاژە (Server) یاخوود هۆستەکەت داتمەزراندووە ، و دڵنیابەرەوە کە هەموویان کۆتا وەشانی نوێیان پێگەیشتووە بۆ پاراستنی ڕاژە (Server)ــەکەت لە هەر 0day ێک کە ئەگەری هەیە یەکێک لەو نەرمەواڵانە هەیبێت کە لەسەری داتمەزراندووە.
ئەمانەی باس کران گرینگترین خاڵ بوون بۆ هەبوونی سیستەمیکی IPS بۆ پاراستنی زانیاریەکانت لەدەست هێرشبەران.

و هەروەها جێیگای سەرنجە کە زۆربەی خاوەن کۆمپانیا یاخوو ڕێکخراوەکان یان پڕۆژەکان IPS بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ لەدوای Firewall ــەوە دائەمەزرێنن ، بەڵام مەرج نییە کە هەمیشە ئەوەی کەسێکی تر ئەنجامی ئەیا ڕاست و تەواو پارێزراو بێ بۆیە تۆش بەبێ دوودڵی ئەتوانیت بەو شێوەیەی خۆت ئەتەوێت IPS دابمەزرێنت بۆ پاراستنی تۆڕەکەت لە هێرشە نەخوازراوەکان.

ئایا IPS چۆن مامەڵە لەگەڵ ترافیکی نائاسایی ئەکات؟

هەر وەک ئەوەی ئاماژەمان پێدا لەسەرەوە کە IPS ترافیکەکان ئەپشکنێ و پێناسیان ئەکا و توانای ڕێگریکردنیشی هەیە بەرامبەریان کە زۆرجار بەم ڕێگایانەی خوارەوەدا دەڕوات:

۱- پچڕاندنی پەیوەندی (Close Session): لەم حاڵەتەدا کاتێک IPS ترافیکێکی زیانبەخش دەبینێت هەڵەستێ بە بلۆک کردنی سەرچاوەی نێردەر و پچڕاندنی پەیوەندی بۆ پاراستنی تۆڕەکەت لە هەر دزەپێکردنێکی نەخوازراو.

۲- بەهێزکردنی دیواری ئاگرین (Firewall): بەهەر ئەگەرێک بێت لە کاتی دۆزینەوەی کەلێنێک کەسی هێرشبەر هەموو هەوڵێک ئەیا بۆ تێپەڕکردن (Bypass) یاخوود شکاندنی Firewall بۆ دەستگەیشتن بە سیستەمەکەت ، بۆیە هەمیشە ئاگاداری Firewall بە و بەبەردەوامی نوێی بکەوە و بەهێزی بکە کە ئەگەر بێتو ئەو نەرمەواڵەیەی دروستت کردووە کەلێنێکی سکوێریتی هەبوو نەتواندرێت بە ئاسانی Exploit بکرێت.

٣- خاوێنکردنەوە (Clean Up): IPS توانای پشکنینی سیستەمەکەتی هەیە هەوڵ ئەیا ئەو نەرمەواڵە و فایلە بێسوودانە بدۆزێتەوە و بیانسڕێتەوە کە زیانیان بۆ ڕاژە (Server)ـــەکەت هەیە و هەروەها لە کۆتاییدا سیستەمی IPS ڕاپۆرتێک سەبارەت بەو پشکنین و کارانەی ئەنجامی داوە ئامادە ئەکات بۆ تۆی خاوەن پڕۆژە بۆ ئەوەی بتوانیت لە سیستەمەکەت بەهێزتر بکەیت لە بەرامبەر بە هێرشەکانی داهاتوو.
و هەروەها جێگای ئاماژەپێدانە کە ئەتوانیت هەردوو سیستەمەکە پێکەوە بەکاربێنیت بۆ نموونە ئەتوانیت IPS بەکار بێنیت بۆ لایەنی تۆڕ بۆ بەرگریکرن لە هێرشە ڕاستەوخۆکان بۆ سەر تۆڕەکەت و IDS بەکار بێنیت بۆ ئامادەکردنی ڕیپۆرت سەبارەت بە هەڵەکان وئاگادارکردنەوەی خۆت لە هەبوونی هەڵە بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بە لایەنی سکوێریتی پڕۆژەکەت و ڕاژە (Server)ـــەکەت و تۆڕەکەت بدەیت و پشت بە خۆت ببەستیت لە جیاتی بەکارهێنانی سیستەم و تەکنەلۆژیای لایەنی دووەم.

احسان فەرامەرز -

Want your business to be the top-listed Engineering Company in Irbil?
Click here to claim your Sponsored Listing.

Telephone

Website

Address

108M Ankawa
Irbil